بەشی دووەم و کۆتایی

هەروەک ڕۆبەرت ویندە لە پەرتوکی (بڵەدی فۆرینەرز)دا ئاماژەی پێدەکات کە یەکەم کۆچبەر لە فۆڕمی ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەبێ چەک و سوپا لە دوای نۆرمانەکان ڕوی لە بەریتانیا کردبێت ژن و پیاوێکی جو بون کە بۆ زیارەتکردنی

کاونتەبوری هاتبونە بەریتانیا.

ڕۆربەرت ئاماژە بەوە دەکات کە جوەکان هێواش هێواش ژمارەیان زیاد بو بەتایبەت کاتێک دەیانهەویست لە دەست چەوسانەوە و لەناوچون ڕابکەن ، ڕویان لە بەریتانیا کرد وە زۆر بە خێرای گەشەیان کرد و دەستیان بەسەر بازار هەروەها داهێنانیانکرد لە ئابوریدا.

بۆ یەکەم جار جوەکان پارەیان بەقەرزی زیادەی بچێتە سەر دەدایە خەلک ئەمەش وایکرد ئەوان زۆر بە خێرای دەوڵەمەند ببن ، سەرەتا پاشای وڵاتیش پارەی بەقەرز لێوەر دەگرتن دواتر قەرزەکە بوە (باج)کە جوەکان دەبێت باج بدەن دواتر سەرانەشی هاتە سەر لەگەڵ گۆرینی پاشا لە بەریتانیا ڕەوشی جوەکان زیاتر بەرەو خراپتر دەچو ، بەتایبەت کاتێک هێنری سێیەم تاجی پاشایەتی خستە سەر زۆربەی مافە یاساییەکانیانی لە ناوبرد دواتر وردە وردە زۆربەیانی لە شارەکانی بەریتانیا کۆکردوە هەمویانی گواستەوە بۆ لەندەن کە ڕێژەکەیان نزیکی ١٠٠٠٠ جو دەبو کە لەو کاتەدا ببونە خاوەنی زەوی و زارێکی زۆر لە بەریتانیا بەلام لە دوای ئەوەوە لێیان قەدەغە کرا کە بتوانن خاوەنداری لە هیچ زەویەک بکەن جگە لەو خانوەی تیایدا دەژیان لەگەل یەک جێگەی ناشتن لە گۆڕستان تەنانەت بە شێوازی زۆر ناشرین و خراپ ئەشکەنجەدراون پێش لە سێدارەدانیان ، هەروەک ویندە ئاماژەی بۆ دەکات لەساڵی ١٢٦٣ لە لەندەن بە ڕۆژی شەمە نزیکەی ٤٠٠ جو کوژرا، ئەم جۆرە ئەشکەنجە و مامەڵەیە بەردەوام بو ، نایاسایش بو بۆ جوەکان ئینگلاند جێبهێڵن لە ترسی ئەوەی کە لەوانەیە پارەیەکی زۆری ئینگلاندی لەگەل خۆیان ببەن بەلام دواتر دەست کرا بە دیپۆرتکردنەوەی جوەکان بۆ دەرەوەی بەریتانیا دواتر زۆرێکیان لێ گیرا و داوای پارەیەکی ئیجگار زۆریان لێدەکرا بۆ بەربون هەر لەو دە هەزارەی بەرەو لەندەن بران نزیکی سێ سەدیان بە تاوەرەکانەوە لە سێدارە دران و دەست بەسەر زەوی و ماڵیانداگیرا، لە ١٢٩٠ دا یاسایەکی گشگیر دەرچو لە هەمو ئەوروپا ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کە زۆربەی جوەکانی بەریتانیا دیپۆرت بکرێنەوە .

دوای تێپەربونی نزیکەی لە هەزار ساڵ بەسەر ڕەوشی جوەکان کە وەک کۆچبەر ڕوویان لە بەریتانیا کردبو، ئەمڕۆ جۆرە گرژی و هەراسانیەک بەرۆکی بەریتانیەکان و حکومەتەکەی گرتۆتەوە، لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا بە وردی ڕوانگەی ڕاستەڕەوەکانی بەریتانیامان ڕوونکردۆتەوە، ئێستا کە بەریتانیا خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادە دەکات حکومەتەکەی ستارمەر هەوڵی گۆڕانکاری قوڵ دەدات لە یاسای پەنابەرانی وڵاتەکەی.

پارتەکەی ستارمەر کە کۆنفرانسی ساڵانەیان بەست ، وەزیرە مسوڵمانە تازە دیاریکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ڕایگەیان کە گۆڕانکاری قورس لە یاسای پێدانی مافی هەمیشەیدا دەکەن بەتایبەت لەمەودوا کۆچبەرە یاسایەکان و نایاسیەکان لە جیاتی پێنج ساڵ دەبێت دەساڵ چاوەڕێبکەن بۆ مافی هەمیشەی لە بەریتانیا وە نابێت موچەی بێ ئیشیان لە حکومەت وەرگرتبێ وە دەبێت بەشداری سیستەمی باجدانیان کردبێت وە کاری خۆبەخشیشیان ئەنجام دابێ هەروەها دەبێت بڕوانامەی بەرزیان لە زمانی ئینگلیزیدا بەدەستهێنابێ.

ئەمە لە کاتێکدایە پارتی ڕیفۆرمی نایجڵ فەراج کە لە ئێستادا لە ڕاپرسیەکاندا دەردەکەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتو دەنگی زۆرینە بەدەست دەهێنێت ،لە مانیفێستۆکەیدا ڕایگەیاند کە بەهیچ جۆرێک مافی هەمیشەیی (ئیندفنێت)نادەن بە هیچ بێگانەیەک هەرکەسێکیش ساڵانە کەمتر لە شەست هەزار پاوەن کەمتر داهاتەکەی بێت فیزاکەی بۆ درێژ ناکەنەوە و دەبێت ئەم وڵاتە جێبهێڵێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژانە پەنابەران بە چوپە بەلەم بەردەوامن لە هاتنیان بۆ بەریتانیا. ئەوانەی ماوەیەکی زۆریش لەم وڵاتەن لە ئێستادا توشی ڕاڕای و قەلەقی زۆر بون تەنانەت ئەوانەی کە لەبریتانیاش لەدایک بون بەلام بەرەگەز خەلکی وڵاتانی ترن دەڵێن ڕوبەڕوی تورەی بەریتانیە سپی پێستەکان دەبنەوە، چەند کەسێک لە کۆمینەتی پاکستانی و هیندی بۆ کەناڵ چواری بەریتانی قسەیان کردوە ئاماژەیان بەوە داوە کاتێک بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکی سپی پێستی ئەم وڵاتە دەبێت ، بەردەوام دەبێت پاساوی ئەوە بهێننەوە کە ئەوان باج دەدەن و بەشداری سیستەمی ئابوری بەریتانیانکردوە.

ئەو تورەیەی ئەمرۆی بەریتانیەکان ترسێکی زۆری دروست کردوە بەتایبەت بۆ ئەوانەی کە لەم چەند ساڵەی داهاتو دەبێت مافی مانەوەیان تازە بکەنەوە ، ڕاگەیاندنەکان بڵاویان کردۆتەوە لەم چەند ساڵەی داهاتو زیاتر لە میللیۆنێک کەس دەتوانن داواکاری بۆ مافی مانەوەی هەمیشەیی پێشکەش بکەن.

ئەمڕۆ کە ڕۆژانە بەریتانیەکان توڕەییەکی ئێجگار زۆر دژی حکومەتەکەیان دەردەبڕن چونکە ناتوانێت چوپە بەلەمەکان بوەستێنێت وە لە هەمانکاتیشدا ئەوانەی کە بە هەمان چوپە بەلەم لەم چەند ساڵەدا هاتون ڕۆژانە دەڵێن کە حکومەت ئەو چوپەبەلەمانەی بوەستاندایە ئەوا ڕەوشی ئێمە باشتر دەبو ، ئەوەی کە دوو ڕۆژە مافی مانەوەی وەرگرتوە و ساڵێکە گەیشتۆتە بەریتانیا دەڵێت گەر بێ جوابەکانیان بناردنایەوە ئیش زیاد دەبۆوە ، ئەمڕۆکە هەردوو بەرەکە هەم ئەوانەی بێگانەن و هەم بەریتانیەکان هەر یەکەو لە ڕوانگەیەکەوە کۆکن لەسەر ئەوەی کە ڕێگری لە چوپە بەلەمەکان بگیرێت ، لە قازانجیانە .

لەگەڵ هەڵکشانی دەنگی پارتەکەی نایجڵ ، ستارمەر ترسەکەی زیاتر دەبێت وە ڕۆژانە بە بەردەوامی ئەندامە پلە باڵاکانی پارتی پارێزگاران ڕوو لە ماڵە تازەکەی ڕیفۆرم دەکەن. ڕیفۆرم ئەو هێزە ڕاستڕەوەیە کە لە دوو هەزار و هەژدە لەلایەن کاسرین بلەیک لۆک دامەزراوە و نایجل فەراجی ناشناڵستی بەریتانی سەرکردایەتی دەکات،

بەرپرسی دەزگای پرۆژە یاساییەکان لەلان کوڕی کۆچبەرێکی مسوڵمانی پاکستانی بەناوی زیا یوسف بەڕێوە دەبرێت، زۆربەی پڕۆژە دژە بێگانەکان لەلایەن ئەوەوە گەڵاڵە دەکرێن .

ستارمەری چەپ دوێنێ وتی پێویستە پێداچونەوە بۆ مادەی سێ و شەشی پەیماننامەی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپای ساڵی ١٩٥١ دا بکەینەوە چونکە خەڵکانێکی زۆر کە لە بەریتانیا دەبێت دەربکرێن ، بۆ مانەوەیان ئەم مادە یاساییانە بەکاردێنن.

کاتێک ساڵی ١٦٨٥ ئیساک و دایکی کە سەر بە گروپی هاگنۆوتەکان بون ، بە بەلەم لە نیوەشەودا پەڕینەوە بەریتانیا خەونی ڕزگاربونیان بو لەدەست چەوسانەوەی دینی بەڵام ئەمڕۆ کە (هالا و هاشمی ) ئەو خێزانە عێراقیەی هەوڵیاندا بە چوپە بەلەم بپەڕنەوە منداڵێکیان گیانی لەدەستدا ، بەو خەیاڵەوە سواری چوپە بەلەمەکە بوبون کە لە دوا ڕۆژدا منداڵەکەیان ناسنامەی ئەوروپی بون بەدەست بهێنن و لە دێوەزمەی عێراقی بون نەجاتیان بێت.

کۆنکڵوژن

چیرۆکی پەناهەندەی و ڕاکردن لە شوێنگەیەکی جوگرافی دیاریکراودا مێژویەکە لەگەڵ بونی مرۆڤدا دەستی پێ کردوە ، ئەوکاتەی بیست و پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر یەکەم مرۆڤ هاتۆتە بەریتانیا کە دی ئێن ئەیەکەی بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەگەرێتەوە، بەو خەونەوە بوە کە بتوانێت نێچیری باش بۆخۆی دەست بخات ، ئەمرۆ دەکرێت بڵێین کۆچبەرێکی ئەفریقی و عێڕاقی و ئێرانی بە خەیاڵی ئەوە ڕوو لەو دورگەیە دەکات کە بتوانێت سودمەند بێت لەو کۆمەڵگایە کە سیستەمێکی جیاواز لە ولاتەکەی خۆی، بەرهەمهێناوە.

پالاتاینە ئاڵمانە بەدبەختەکان دوای نوترەلایزەیشن ئاکت لە ساڵی ١٧٠٩ لە پەرلەمان دەرچو وە شاژنی ئەوکاتی بەریتانیا ئیمزای لەسەر کرد ، بە بەلەمێک ڕوویان لە بەریتانیاکرد بە خەیاڵی داهاتویەکی باشتر لەوەی ئەڵمانیا دەست بخەن بەڵام زۆریان توشی قوڕبەسەری ئاوارەی زۆر بونەوە هەندێکیان کوژران و مردن هەندێکیان گەڕانەوە ئەڵمانیا هەندێکیان چون بۆ ئەمریکا و لەوێش توشی چەوسانەوەو کوشتن بونەوە، لە دوای ٢٠٠٠کانەوە خەڵکێکی ئێجگار زۆر رویان لە بەریتانیاکرد بەڵام هەمویان نەگەیشتن بەو خەونەی لە خەیاڵیان بو زۆرێک لەوانە وەک پالاتاییەکان دوای چەندان وڵات بەدبەختی و قوڕبەسەری هەر بەدوایانەوە بو، گەر لە ڕابردوودا دەستخستنی مافی مانەوە قورس بوبێت ئەمڕۆ نوێکردنەوە و کردنی بە هەمیشەیی خەریکە زۆر قورستر دەبێت.

دەبێت ئەوە بزانین لەگەڵ ئەو هەمو خاڵە نێگەتیڤانەی کە ڕاستڕەوەکان باسی دەکەن لە بارەی کۆچبەرانەوە بەڵام حکومەت بە سیستەمێکی تەندروست دەتوانێت سودیان لێ وەربگرێت،گەر ڕەخنەکە لەسەر ئەوە بێت ئەوانەی کە بە فیزەی ئیش هاتون لەگەڵ خۆشیان ماڵ منداڵیان هێناوە و ئەوان بونەتە بار بەسەر حکومەت ئەوا بە چەند گۆڕانکارییەکی یاسایی دەکرێت ئەو ئەرکە بدرێت بەخاوەنی فیزەکە .

کورد کە ڕێگای سەرەکی بۆگەیشتن بە بەریتانیا ڕێگایی دەریاییە بە چوپە بەلەم ، دوای ئەم هەمو ئاستەنگ و ناڕەحەتیە دوای گەیشتنی بە بەریتانیا و تەنانەت بەدەستهێنانی مافی مانەوەش ئاستەنگیەکانی بەردەمی کۆتایی نایەن بەتایبەت خەونی بە هاوڵاتی بونی بەریتانی تا ڕادەیەک بوەتە خەون و لە ئێستاشدا سەرقاڵی گۆڕانکاری قورسترن بۆ نوێ کردنەوە و درێژکردنەوەی مافی مانەوە، جا بۆیە پێویستە کورد بە دوای ڕێگایەکی جیاوازتردا بگەرێت بۆ گەیشتن بە بەریتانیاو ئەوروپا بە گشتی.