ڕاپۆرت و شیکاری

فکر وەک کاراکتەرێکی پاسیڤ لە ئەمڕۆدا.

هێندێک نوسین هەن هەر جارێک لە کاتی جیاواز بەرکەوتەت دەبێت و دەیخوێنیەوە مانا و حەقیقەتی جیاوازت بۆ کەشف دەکەن، هەروەک وێنەیەک کە هەرجارێک سەیری دەکەی رەنگێکی نوێ خۆی کەشف دەکات. ئەو مانایەی لە نێوان دوو وشەدا لە کاتی جیاوازدا خۆیان لە هزری تۆدا قیت دەکەنەوە وەک کەشف کردنی پیریە لە گەنجیداو وە گەڕانەوەیە بۆ گەنجی لە پیریدا.

هەمو ئەوانەی لە چوارچێوەی کلتوری رۆژگاردا ویستیان دەستورێکمان بەسەردا بسەپێنن دوای بونە سەرابی رۆژگار کە ئەو کلتورە بەرهەمی هێنا، وەک جەنگاوەرانی ئاین دوای لە دادگای شەریعەدا تاوانبار دەرچون چونکە لە ژێر ئەدموسفێیەری رۆژگاردا غەدریان لە وشەی خواش کردبو چونکە لە قوڵای دەقدا ون بوبون.

نوسین لە سەردەمی بەربڵاوی میدیای جڤاکیدا لەنێوان دوو بەرداش دایە، ئەوەی کە هەرکەسێک دەتوانێ خاشاکی خۆی بخاتە ناوی وەک زبڵدانێک،هەر بۆیە میدیای سەرەکی خەریکە لە فۆرمی حەقیقیدا ون دەبێت وە شوێنپێی ئەو گەرەلاوژێیە دەکەوێت کە هەیە لە ئەمڕۆدا.

فکر وەک خاوەنی راستەقینەی شارێگای هۆشیاری کەوتۆتە بەرلافاوی میدیای مەجازی،زاڵ بونی ئەمەش رەوتی پۆپۆلیست بەهەمدەهێنێت لە ئەمڕۆدا خەریکە پارتە سەرەکیەکانیش یان دەبنە پۆپۆلیست یان ڕەگی سەرەکیان لەم جۆرە فۆرمە لا دروست دەبێت وەک پارتی کۆماریەکان کە بەتەواوی لەژێر دەستی رەوتی کلاسیک دەرهاتوە و تڕەمپ و پۆپۆلیستەکانی دەوروبەری هەژمونی ئەمریکا لە چوار ساڵی داهاتودا بۆ جیهان نمایش دەکەن.

شاسواری خاون میدیای بینراو و کۆمەڵێک پەیجی سێبەریش لە سۆشیال میدیا دا وەک نمونەیەکی رەش و سپی لە گۆرەپانی شێواوی کلتوری کوردی دەردەکەوێت.

رۆژنامە و گۆڤارەکانی کاتی خۆی کە وەک میدیای سەرەکی دەردەکەوتن و کاریان لەسەر فکر و روئیای هۆشیاری دەکرد بۆ ئاڕستەکردنی تاکی کورد بەرەو ئاگایەکی ئەرێنی، ئەمرۆ لە لاکۆلانەکاندا خراونەتە چاڵەوە. کابرای لاکۆڵان بە کۆمەلێک لایک و فۆلەوەر لە فەیسبوک و تیکتۆدا خۆی بە خاوەن مەرجەعی جیهانی خۆی دەزانێ کە بەفوی کۆمەڵێک ئەندامی فەیکەوە بۆ ئەکاونتەکەی توشی واهیمەی بە جەماوەری بون بوە.

هەر بۆیە پەرتوکخانەکان و شوێنگەی جدەلە گرنگەکان چۆڵ و بێ ئەرزش کراون، هەروەک ولیام پێن دەڵێ هیچ شتێک لەوە نرخدارترنیە کە سەر بەفکرێک بیت بۆ ئاراستەی هۆشیاریەکی قوڵ بتکاتە کرێکاری خۆی.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کەمن ئەوانەی دەیانهەوێت بۆ مێژوو بنوسن زۆربەیان کار لەسەر ئەوە دەکەن وە لانگویج کۆدی سۆفتوێر رۆشن دەرکەون و ببنە جێگای سرنجی دەوروبەریان.

بۆ دەبێت بەدوای ئەو نوسینانەدا بگەڕێین کە بەئاگاییەکی قوڵەوە هەم وەک فکر هەم وەک دەقێکی مێژووی بەرهەمهاتون؟

ڕۆمان و چیرۆکیش لەگەڵیدا وەک دوو ژانری ئەدەبی زۆرجار چیرۆکێکی فکریمان فێر دەکەن ئەنجامدانی کردارەکان لەلایەن کاراکتەرەکانەوە زۆرجار نابنە جێی پرسیار ،پرسیارەکە ئەوەیە بەچ فکر و خیاڵێکەوە کاراکتەرەکە ئەم کردارە ئەنجامدەدات، زۆرجاریش جێهێشتنی ئەو بۆشایە بۆ خوێنەر کە بەدوای ئەم پرسیارەدا بگەڕێت قوڵایی نوسینەکە دەردەخات.

جا بۆیە نوسین کە لە هۆشیاری فیکریەوە نوسرابێت پرسیاری قوڵ لە خۆی هەڵدەگرێت، پرسیارەجدیەکە ئەوەیە ئەو نوسینانەی هەم لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و لە میدیاکانیشدا بڵاودەکرێنەوە هزری خوێنەر ئاڵۆزدەکەن بە پرسیار؟